لە عێراقەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی HKN و بەرهەمهێنان راگیرا

964+

وریا فەتاح

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیاندراوێکی لەبارەی هێرشێکی نوێ بۆ سەر کەرتی نەوت بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە کێڵگەی نەوتی (HKN) لە سنووری پارێزگای دهۆک کراوەتە ئامانج.

بەپێی راگەیاندراوەکە، شەوی ڕابردوو لە لایەن “گرووپە لەیاسادەرچووەکان لە عێراق” هێرشێکی تیرۆریستی کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی (HKN) لە ناحیەی سەرسەنگ.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکە زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە و بەو هۆیەوە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکەدا راگیراوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وێڕای شەرمەزارکردنی توندی ئەم هێرشە، رایگەیاند کە ئەم هێرشانە راستەوخۆ ژێرخانی ئابووری و سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.

“حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیارە لەم هێرشانە، چونکە لەو ناوچانەوە ئەنجام دەدرێن کە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندان و ئەم جۆرە کارە تێکدەرانە زیان بە داهاتی سەرجەم گەلانی عێراق دەگەیەنێت.”، وەزارەتى سامانە سروشتییەکان وا دەڵێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کردووە کە سنوورێک بۆ ئەم پەلامارانە دابنێت و رێگری بکات لە بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان.

شەوی درۆنەکان؛ هەولێر ئارام بوو و شارەکانی دیکە کرانە ...

شەوی درۆنەکان؛ هەولێر ئارام بوو و شارەکانی دیکە کرانە ئامانج