ماریا سام
ئەو کچەی دوای مردنی دەنگی بیسترا
چوار ساڵ بەسەر کۆچی دوایی “ماریا سام” تێدەپەڕێت
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ 6ـی ئاداری 2026، چوار ساڵ بەسەر یەکێک لەو رووداوە دڵتەزێنانەدا تێدەپەڕێت کە کۆمەڵگەی کوردی هەژاند، کوژرانی کچە چالاکوان ماریا سام.
ماریا سام، کە تەمەنی تەنیا 22 ساڵ بوو، لە شەوی 6ـی ئاداری 2022 لە شەقامی 100 مەتریی شاری هەولێر، لە لایەن براکەیەوە بە گوللـە کوژرا.
کوژرانی ماریا تەنیا چەند رۆژێک پێش رۆژی جیهانیی ژنان بوو کە بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان و دۆسیەکەی بووە سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
دواى مردنى دەنگى بیسترا
ماریا پێش کوژرانی سەرقاڵی کارێکی هونەری بوو، بەڵام مەرگ مەودای نەدا بە چاوی خۆی بڵاوبوونەوەکەی ببینێت. تەنیا چەند هەفتەیەک دوای کوژرانى، گۆرانییەکەى بڵاوبووەوە.
گۆرانییەکە کە تێکستێکی غەمگینی هەبوو، لە یوتیوب و سۆشیال میدیا هەزاران بینەری هەبوو، زۆرێک لە هەوادارانی ئاماژەیان بەوە دەکرد کە وشەکانی ناو گۆرانییەکە وەک ئەوە وابوو ماریا پێشبینی مەرگی خۆی کردبێت.