لیترى تا 75 دینار

لە گەرمیان نرخى بەنزین گرانبوو

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

لە دوێنێ پێنجشەممەوە نرخی بەنزین لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە؛ شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە وەک هۆکاری سەرەکی دەستنیشان دەکرێن و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هۆشداریی دەدەنە ئەو بەنزینخانانەی بەبێ کوالێتی نرخەکان بەرز دەکەنەوە.

نرخەکان چەندیان چۆتە سەر؟

بەپێی بەدواداچوونەکانی +964، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 75 دینار و محەسەنیش 50 دینار زیادی کردووە. نرخەکان بەم شێوەیەیان لێهاتووە:

بەنزینی نۆرماڵ: لە 850 دینارەوە بووە بە 900 بۆ 925 دینار.
بەنزینی محەسەن: لە 950 دینارەوە بووە بە 1,000 دینار.
حیکمەت ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی گەرمیان بە 964ـى راگەیاند، لیژنەکانیان دەستیان بە پشکنین کردووە و دەرکەوتووە خاوەن بەنزینخانەکان بە پاساوی گرانبوونی نرخ لە خەزانە سەرەکییەکاندا نرخەکەیان بەرزکردووەتەوە.

وتیشی: “هەندێک بەنزینخانە نرخەکەیان زیاتر بەرزکردووەتەوە و دەڵێن کوالێتییەکەی باشترە، ئێمە پشکنینیان بۆ دەکەین؛ ئەگەر کوالێتییەکەیان بەرز نەبێت و تەنیا نرخەکەیان گران کردبێت، سزای توندیان دەدەین.”

سەرچاوەیەک بە 964ی راگەیاند، هەرچەندە بەنزینەکە لە ناوخۆی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام ئەو مادانەی بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی (ئۆکتان) بەکاردێن لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن. بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، هاتنی ئەو مادانە ڕاوەستاوە یان کەمبووەتەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخەکەی دروست کردووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

"جەنگ" بەنزینی ئێرانی لە بازاڕدا کەمکردووە و نرخەکەشی بەرزکردووەتەوە