ئێران لە رێگەی ئینتەرنێتەوە سیخوڕ لەناو ئیسرائیلییەکان دادەمەزرێنێت
964+
وریا فەتاح
پۆلیسی ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگری ئاسایشى ناوخۆى ئیسرائیل “شەباک”، ئەمرۆ پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026، هۆشدارییەکی توندیان دایە هاوڵاتییانی وڵاتەکەیان کە نەکەونە داوی هەواڵگری ئێرانەوە، چونکە تاران هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی تۆڕی سیخوڕی ناوخۆیی چڕکردووەتەوە.
وەک باسى دەکەن، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی مانگی حوزەیرانەوە، ئێران کەمپەینێکی فراوانی دەستپێکردووە بۆ دامەزراندنی سیخوڕی ناوخۆیی، زۆربەشیان لە رێگەی ئینتەرنێت و بەڵێنی پێدانی “پارە”وە رادەکێشرێن.
ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەم کەسانە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر “ئامانجە ستراتیژییەکان، شوێنی کەسایەتییەکان و ژێرخانی هەستیار” بەکاردەهێنرێن.
ئاشکراشکراوە کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە تا ئێستا 16 کەیسی سیخوڕی ئاشکرا کراون و تۆمەتبارەکان رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە، پۆلیس جەخت دەکاتەوە کە سزای ئەم تاوانە زیندانییکردنی درێژخایەنە.
دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل داوا لە هاوڵاتییان دەکەن ئاگاداری هەر پەیوەندییەکی گوماناوی بن لە سۆشیاڵ میدیا و نەکەونە ناو داوی “سیخوڕی بۆ کۆماری ئیسلامی”.