ئێران هێرشی كردووە
بە سێ درۆن ھێرشکراوەتە سەر شاخی زمناکۆ
+964
میلاد جەلال -گەرمیان
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5.3.2026 بە 964ى وت، “بە سێ درۆن ھێرشکراوەتە سەر شاخی زمناکۆ لە سنووری قەزای دەربەندیخان، بەر دوو بورجی ئاسیاسسێڵ و کەناڵی گەلی کوردستان کەوتوە”.
“دوو لە درۆنەکان تەقیونەتەوە، بەڵام دانەیەکیان نەتەقیوەتەوە، ئێستا ھێزە ئەمنیەکان و و ئۆپەراسیۆن لە شوێنی رووداوەکەن بۆ ھەڵگرتنەوەی درۆنە نەتەقیوەكە”، ئەو سەرچاوەیە وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و ئاراستەی درۆنەکان ھەستدەکەن لە ئێرانەوە ئاراستە کرابن، ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هەر سەبارەت بەم هێرشە، سوپای پاسدارانی ئێران خۆی بڵاویكردەوە، كە ئەمڕۆ چەند هێرشێكیان كردووەتە سەر بارەگای حزب و لایەنە كوردییەكامی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوی خاكی هەرێمی كوردستان، كە بە پێی وتەی پاسداران، ئەو هێزانە بەنیازبوون هێرشی زەمینی بكەنە سەر ناوچە كوردییەكانی ئێران.
هەواڵەكەی سوپای پاسداران جۆرێك لە ناڕوونی و دووفاقی تێدا دەبینرێت، چونكە درەنگانی شەوی رابردوو، ئاژانسی تەسنیمی فەرمیی ئێرانی، بڵاویكردەوە، ئەو هەواڵانەی باس لە هەوڵی هێزە كوردییەكان بۆ هێرشكردنەسەر ئێران و ناوچە كوردییەكان دەدەن، دوورە لە راستییەوە و شەڕی دەروونیی ئەمریكا و ئیسرائیلە بەرامبەر ئێران.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا