پێشتر خامنەئی وتبووی جەنگەکە دەبێتە "ناوچەیی"

لەماوەی جەنگی ئەمجارە ئێران زیاتر لە 1300 مووشەک و درۆنی ئاڕاستەی وڵاتە عەرەبییەکان کردووە

964+

فەرهاد حەسەن

بەپێی ئەو داتا فەرمییانەی کە لەلایەن ئەو وڵاتانە بڵاوکراونەتەوە کە لەلایەن ئێرانەوە هێرشی ئاسمانیان کراوەتە سەر تەنیا لەماوەی جەنگی ئەمجارە زیاتر لە هەزار و 300 مووشەکەکانی بالیستیک، کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئاڕاستە کراوە.

جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمریکا ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە و ئێرانیش بەهۆی بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی کردووەتە ئامانج، ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر عەلی خامنەئی رابەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران وتبووی ئەگەر هێرشیان بکرێتە سەر ئەوا جەنگەکە دەبێتە جەنگێکی “ناوچەیی”.

هەرچەندە تاران رایگەیاندووە، کە ئامانجیان لەو هێرشانە لێدانە لە بنکە ئەمریکییەکان، نەک مەبەستیان وڵاتەکان بووبێت، بەڵام هێرشەکان زیانی ماددیی گەورەیان بە فڕۆکەخانەکان و بەندەرەکان و ناوچە مەدەنییەکان گەیاندووە. بەگوێرەی ئەو داتایانەش، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی زۆرترین کاریگەریی ئەو هێرشانەیان لەسەر بووە، دوای ئەویش کوێت و بەحرەین دێن.

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بڵاویکردەوە، بە 807 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج وبۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی بەرگری دەڵیت، 167 مووشەک، کە 164 مووشەکی بالیستیک و دوو مووشەکی کروز و 541 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستەی کراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری 35 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کەوتوونەتە سەر خاکی ئیمارات و زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە.

کوێتیش لەماوەی دوو رۆژی رابردووەدا رووبەڕووی 380 هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە، سوپای کوەیت رایگەیاند کە 97 مووشەک و 283 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێرانەوە بەرەو وڵاتەکە هەڵدراون، کە پارچە مووشەکەکان لە ناوچە جیاوازەکاندا کەوتنە خوارەوە دوای ئەوەی لە ئاسماندا رێگرییان لێکرا و زیانی ماددی بە هەندێک دامەزراوەکان گەیاندووە.

لە بەحرەین، ئێران بە 95 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردوویەتییە ئامانج، بۆ ئەمەش سوپای بەحرەین رایگەیاند کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی رووبەڕووی 61 مووشەک و 34 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە بەڵام هەموو ئەمانە بە سەرکەوتوویی پووچەڵکراونەتەوە.

وەزارەتی بەرگری قەتەریش دەڵیت، 65 مووشەکی بالیستی و 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاڕاستەی وڵاتەکەی کراون، کە کۆی گشتی 77 هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە، بەپێی زانیارییەکان دوو مووشەک گەیشتوونەتە بنکەی ئەلعودەید، هاوکات فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەر سیستەمی راداری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کەوتووە و لە هێرشەکاندا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

سوپای ئوردن رایگەیاند کە رووبەڕووی 49 مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە کە ئاراستەی خاکەکەی کردووە.

لە عومانیش بەندەری بازرگانی دوقم لەلایەن دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر ریاز و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئیدانە کرد،هەرچەندە زانیاری وردی لەبارەی ژمارەی مووشەک و فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام رایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی هێرشەکان بوونەتەوە.