عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی ئێران
میدیای ئێران:
لە چەند کاژمێری داهاتوو ناوی رابەری نوێی کۆماری ئیسلامی رادەگەیەندرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ شەممە، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایان لە ئێران، کۆتاییان بە دەنگدانی نووسراو و مۆرکراوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی رێبەری مەزنی نوێی شۆڕشی ئیسلامی هێنا و پێشبینی دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامەکان رابگەیەندرێن.
چەندین دەزگای میدیایی ئێران بڵاویان کردەوە کە، “پرۆسەی دەنگدانی نووسراو و مۆرکراوی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایان چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر کۆتایی هات و ئەو ئەندامەی کە لە لایەن مەجلیسەوە وەک رێبەر لە شوێنی عەلی خامنەیی ھەڵبژێردراوە، بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رابگەیەندرێت”.
بەهۆی بۆردومانی نووسینگەی ئەنجومەنەکە لە شاری قوم و بینای کۆنی پەرلەمان لە ناوچەی پاستور لە تاران، لە چەند رۆژی رابردوودا نەتوانرا کۆبوونەوەی راستەوخۆی ئەندامانی ئەنجومەنەکە ئەنجام بدرێت، بۆیە دانیشتنی ئەنجومەن و دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی رێبەری مەزن بە شێوەیەکی مەجازی بەڕێوەچوو.
میدیای ئێراسی دەڵێن، بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر گومانێکی ئەگەری لە داهاتوودا و بەڵگەنامەکردنی دەنگەکانی ئەنجومەن بۆ تۆمارە مێژووییەکان، دەنگی نووسراو و مۆرکراوی ئەندامانی ئەنجومەن لە چەند رۆژی رابردوودا کۆکرایەوە.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەفتەی رابردوو هەڕەشەی تیرۆرکردنی هەر جێنشینێکی کرد کە بۆ شوێنی عەلی خامنەیی، رێبەری کوژراوی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەڵبژێردرێت، کە لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران هەفتەی رابردوو کوژرا.
عەلی خامنەیی لە 28.2.2026 لە هێرشێکی مووشەکیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل کە شوێنی نیشتەجێبوونی لە تاران کردە ئامانج، کوژرا، ئەمەش لە چوارچێوەی هێرشێکی بەرفراوانتر کە شەڕی هەڵگیرساند.
دوابەدوای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵگری و وێنەکانی مانگی دەستکرد بە فەرمی گیانلەدەستدانی لە یەکی ئادار راگەیەندرا.