تەرمەکەى، کتێب و بەرهەمێکى نوێى
دەنگی “لاوکی هەڵەبجە” خامۆش بوو؛ سێ وەسێت لە رەفیق سابیرەوە
964+
وریا فەتاح
کاتژمێر 8:30 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (28ی شوباتی 2026) بە کاتی سوید، لە نەخۆشخانەی بەناوبانگی “کارۆلینسکا” لە ستۆکهۆڵم، رەفیق سابیر، شاعیری گەورەی کورد و خاوەنی دەقی “لاوکی هەڵەبجە” کۆچی دوایی کرد.
رەهێڵ قادر، خوشکەزای رەفیق سابیر هەواڵەکەی بۆ تۆڕی 964 پشتڕاستکردەوە و وتی، “رۆژی دووشەممەی رابردوو نەشتەرگەری بۆ کرا، بەڵام جەستەی بەرگەی نەگرت و کاردانەوەی بۆ چارەسەرەکان لاواز بوو، دواجار ئەم بەیانییە ماڵئاوایی لێکردین”.
وەسێتنامەکە
رەهێڵ قادر باسى لەوەشکرد، رەفیق سابیر پێش گیان سپاردنى، سێ وەسێتی سەرەکی کردووە کە ئەمانەن:
یەکەم: ئەگەر کرا تەرمەکەم ببەنەوە بۆ کوردستان و لە زێدی خۆم لە قەڵادزێ بمنێژن.
دووەم: سەرجەم کتێب و کتێبخانە تایبەتییەکەم پێشکەشی کتێبخانەی گشتیی قەڵادزێ دەکەم.
سێیەم: کۆمەڵێک “نامەی ئەدەبی”م هەیە، دوای مردنم بڵاویان بکەنەوە.
تەنهایی ماریا
مەرگی رەفیق سابیر تراژیدیای خێزانەکەی تەواو کرد، پێنج ساڵ لەمەوبەر هاوسەرەکەشی هەر بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کردبوو. ئێستا لە دوای خۆیان تەنیا کچێکیان بەناوی “ماریا” بەجێهێشتووە.
رەفیق سابیر (لەدایکبووی 1950 – قەڵادزێ)، یەکێک بوو لە دیارترین شاعیرە هاوچەرخەکانی کورد. ئەو بەوە ناسرابوو کە شیعرەکانی بەشێک بوون لە ناسنامەی ئازارەکانی گەلەکەی، بەتایبەت “لاوکی هەڵەبجە” کە وایکردووە ناوی رەفیق سابیر و 16ـى 3ـ ساڵانە بەیەکەوە گرێ بدرێن و شیعرەکەی ببێتە سروودی ئەو یادە خەمناکە.