نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا – وێنە؛ نووسینگەی مالیکی
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا
مالیکی و باراک جەختیان لە پابەندبوون بە بەرژەوەندی هاوبەش کردەوە
964+
شۆڕش قادری
نوری مالیکی و تۆم باراک تاوتوێی پێشهاتە سیاسییەکان و دۆخی عێراقیان کرد و جەختیان لە پابەندبوون بە بەرژەوەندی هاوبەش کردەوە.
نووسینگەی مالیکی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق و سوریا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، “مالیکی جەختی لە گرنگی پشتیوانیکردنی پڕۆسەی دیموکراسی و بەهێزکردنی سەقامگیری سیاسی کردووتەوە، هەروەک پێداگری لە سەر پێویستی رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و هەڵبژاردنی گەلەکەی کردووە”.
لە بەرامبەردا، تۆم باراک تیشکی خستووتەسەر ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە عێراق دەیگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و پاڵپشتیکردنی دیالۆگ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکەی نووسینگەی مالیکی، هەردوولا پابەندبوونیان بە بەردەوامی پەیوەندی و هەماهەنگی لەسەر پرسەکانی پەیوەندیدار بە بەرژەوەندی هاوبەش، دووپاتکردووەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 27.2.2026 نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا پێشوازیکرد لە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا و عێراق.