خۆشبەختانە سەلامەتن
لەناو خاکى سعودیە؛ پاسێکى عومرەکارانى هەولێر تووشى رووداوى هاتوچۆ بوو
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پاسێکی عومرەکارانی پارێزگای هەولێر لە رێگای نێوان مەدینە و سنووری عەرعەر، بەتایبەتی لە نزیك پارێزگای حائیل لە سعودیە، تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو، بەڵام وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێم دەڵێت “سەرجەم عومرەکاران سەلامەتن”.
کاروان ستوونی، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێم بە 964ـى راگەیاند؛ رووداوەکە بەهۆی تەقینی تایەی پێشەوەی پاسەکە بووە کە 47 عومرەکاری دانیشتووى (شەقڵاوە، سۆران، هەریر و هەولێر)ی هەڵگرتبوو، دوای تەقینی تایەکە پاسەکە کێشاوێتی بە گاردێڵی شەقامەکەدا.
ستوونی دڵنیایی دایە کەسوکاری عومرەکاران و وتی: “خۆشبەختانە رووداوەکە هیچ بریندارێکی لێنەکەوتووەتەوە، عومرەکاران بۆ پاسێکی دیکە گواستراونەتەوە و لە ئێستادا بەرەو سنووری عەرعەر بەڕێگاوەن و لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دەگەنە ناو خاکی عێراق”.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح