ترەمپ لە كۆنگرێس
"چارەسەری دیپلۆماسیم پێ باشە"
ترەمپ: هەرگیز رێگەنادەم ئێران چەكی ئەتۆمیی هەبێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ رایگەیاند، پێی باشە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە کێشەکان لەگەڵ ئێران چارەسەر بکرێت، بەڵام هۆشداری دا لەوەی هەرگیز رێگە بە تاران نادات چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
ترەمپ لە وتارەکەیدا لە دۆخی یەکێتیدا (لە بەردەم کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران)، روونیکردەوە، “ئێمە لە دانوستانداین لەگەڵیان، ئەوانیش دەیانەوێت رێککەوتنێک بکەن، بەڵام ئێمە ئەو وشە و کۆدانەمان لێیان نەبیستووە کە دەڵێت: هەرگیز چەکی ئەتۆمیمان نابێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “پێم باشە ئەم کێشەیە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکەم، بەڵام شتێک دڵنیایە: هەرگیز رێگە نادەم سپۆنسەری پێشەنگی دەوڵەتی جیهان بۆ تیرۆر چەکی ئەتۆمی هەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی پەرەپێدانی مووشەکی هەیە کە توانای لێدانی ئەمریکای هەبێت، بە تەکنەلۆژیایەک تەنیا ژمارەیەکی سنووردار لە وڵاتاندا هەیە.
لە وتارەکەیدا، کە درێژترین وتاری بووە تا ئێستا، ترەمپ وتی، ئەوان پێشتر مووشەکیان پەرەپێداوە کە دەتوانێت هەڕەشە لە ئەوروپا و بنکەکانمان لە دەرەوەی وڵات بکات، هەروەها کار لەسەر ئەو مووشەکانە دەکەن کە بەم زووانە دەتوانن بگەنە ئەمریکا، لە ساڵی پار دەزگای هەواڵگریی بەرگری ئەمریکا مەزەندەی کرد کە ئێران دەتوانێت تا ساڵی 2035 مووشەکێکی بالیستی نێوان کیشوەرەکان پەرەپێبدات، “ئەگەر تاران بڕیار بدات بەدوای ئەم توانایەدا بگەڕێت”، بەڵام دیاریی نەکرد ئایا بڕیارێکی لەو شێوەیە دراوە یان نا.
ئێستا تاران خاوەنی مووشەکی بالیستیی مەودای کورت و مامناوەندە، کە مەودای نزیکەی سێ هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت، ئەمەش بەپێی ئاژانسی توێژینەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا.
هاوكات ئەمریکا زیاتر لە نۆ هەزار کیلۆمەتر لە بەری رۆژئاواوە لە ئێران دوورە.
گهڕی دووهمی دانوستانهكانی ئێران و ئهمریكا كۆتایی هات
دانوستەكانی واشنتۆن و تاران
واشنتن و تاران دوو خولی دانوستانیان بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بۆ جێگرتنەوەی ئەو رێککەوتنە کۆتایی پێهێنا کە ترەمپ لە یەکەم خولی خۆیدا لێی کشایەوە.
ئەمەریکا جگە لەوەی کە چەندین جار داوای راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانی دەکرد، هەروەها هەوڵیدا بەرنامەی مووشەکی بالیستی و پاڵپشتیکردنی لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە بخاتە سەر مێزی دانوستان، داواکارییەک کە تاران رەتیکردەوە.
ترەمپ هێزێکی زۆری سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناردووە، کە دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگر و زیاتر لە دەیان کەشتی جەنگی و هەروەها ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی جەنگی و هێزی دیکەی تێدابوو.
ترەمپ بەردەوامە لە هەڕەشەکانی لێدان لە ئێران ئەگەر دانوستانەکان نەگەنە رێککەوتنێکی نوێ و بڕیارە سبەی پێنجشەممە گەڕی سێیەمی دانوستانەكانی نێوانیان لە ژنێڤ بەڕێوەبچێت.