500 داری باڵابهرز
کەسێک لەسەر بڕینەوەی دارەکانی کفری دەستگیر کرا
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
لە پشتێنی سەوزایی قەزای کفری نزیکەی 500 دار بڕدراونەتەوە، دوای لێکۆڵینەوەی ھێزە ئەمنییەکانی قەزاکە بۆ تۆمەتی بڕینەوەی ئەو دارانە، کەسێک دەستگیرکراوە.
ئەو دارانەی بڕاونەتەوە ھەموویان داری باڵابەرزی قەڵەمتۆزن، تەمەنیان نزیکەی 20 ساڵ دەبێت.
عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانیی قەزای کفری بە 964ى وت، “ھێزە ئەمنییەکانی کفری ئاگاداریان کردینەوە کەسێکیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی بڕینەوەی ئەو دارانە، کە دەکەونە پشتێنەی سەوزایی قەزاکە”.
“بڕیارە سبەینێ سێشەممە، تۆمەتبار رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت، ئەوکات بڕیار لەسەر دۆسیەکەی دەدرێت”، عەلی خورشید وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، وەک شارەوانیی قەزاکە سکاڵایان تۆمارکردووە، جگە لەوەی کە دادوەر ھەر سزایەکی دەدات، دەبێت لە بەرامبەر ئەو دارانەی بڕیویەتییەوە داری تازە بچێنێت.
دوێنێ 964 ههواڵهكهی بڵاوكردهوه، كه بڕینەوەی نزیکەی 500 داری جۆری قەڵەمتۆز لە شاری کفری، نیگەرانی چالاکوانان و ھاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا