وەزارەتی ناوخۆ:
“رێگە نادەین هەرێم لەدژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکاربهێنرێت”
شۆڕش قادری
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رێگە بە هیچ لایەنێک نادەن، هەرێمی کوردستان لەدژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکاربهێنێت.
کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “چەند لایەنێک، راگەیاندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هەڕەشەیان لە وڵاتێکی دراوسێ کردووە، لەمڕووەوە، بە پێویستی دەزانین دووپاتی بکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری سەقامگیریی و ئارامی بووە لە ناوچەکەدا و هیچ کاتێک سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ ئاسایشی هیچ وڵاتێکی دراوسێ و رێگەش نادات، هیچ لایەنێک، هەرێمی کوردستان لە دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنێنێت” .
ئەم راگەیەنراوەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ یەکشەممە 22.2.2026 پێنج حزبی رۆژهەڵاتی کوردستان، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە بەشداریی بەرپرسی یەکەمی ئەو حزبانە بەڕێوەچوو، پلاتفۆڕمی “هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران”ـیان ئیمزا کرد.
دەقی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ لە خوارەوە؛
ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە*
ئەمڕۆ چەند لایەنێک، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هەڕەشەیان لە وڵاتێکی دراوسێ کردووە ، لەم ڕووەوە ، بە پێویستی دەزانین دووپاتی بکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری سەقامگیریی و ئارامی بووە لە ناوچەکەدا و هیچ کاتێک سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ ئاسایشی هیچ وڵاتێکی دراوسێ و ڕێگەش نادات، هیچ لایەنێک، هەرێمی کوردستان لە دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان