ھانایان بۆ 964 ھێناوە

هەڵەبجە: تەنیشت دوو قوتابخانە بووەتە زبڵخانە و مەترسییە بۆ سەر گیانی هاوڵاتیان

964+

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

لە گەڕەکی شارەوانی و لە پشت بینای بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە و هەر بە تەنیشت قوتابخانەیەکەوە، کە دوو دەوامی تێدا دەکرێت، زەوییەکی چۆڵ بووەتە زبڵخانە و بەردەوام بۆنێکی ناخۆشی هەیە و قوتابیانی ئەو دوو دەوامەی هەراسان کردووە.

مامۆستا ئەیوب عەنەبی، مامۆستای یەکێک لە دەوامەکانە و بە 964ی وت، “ئەو بۆنە ناخۆشە و ئەو دیمەنە ناشرینەی کە لە نزیک قوتابخانەکەی ئێمە درووست بووە کاریگەری خراپ دەکاتە سەر دەروونی منداڵان و قوتابیان، بە تایبەت کە یەکێک لە دەوامەکان منداڵی تەمەن شەش ساڵ تا 12 ساڵ تێیدا دەوام دەکەن، خەڵک بە بەردەوامی پاشەڕۆی ئاسایی و پاشەڕۆی ئاژەڵ و ئاژەڵی مردارەوبوو لێرەدا فڕێدەدەن، کە هۆکاری سەرەکی ئەو بۆنە ناخۆشەن”.

لای خۆیەوە فەرحان عیزەت، وتەبێژی شارەوانیی هەڵەبجە بە 964ی وت: “ئەوە شوێنی فڕێدانی پاشماوە و زبڵ نییە، بەڵام هاوڵاتیان پابەند نابن بە رێنماییەکانەوە، چاوەڕێی شارەوانی ناکەن هەتا پاشەڕۆکانیان بۆ فڕێبدات، خۆیان لەو شوێنانەدا فڕێی دەدەن، ئەگەر ئێمە بزانین کێ لەو شوێنانەدا پاشماوە فڕیدەدات و بەڵگەمان هەبێت، بە دڵنیاییەوە سزای ئەو کەسانە دەدەین، داواکاریشین لە هاوڵاتیان پابەندی رێنماییەکان بن و زبڵ و خاشاك لەو شوێنانەدا فڕێنەدەن”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

15 کیلۆ زێڕی قاچاخ لە سنوورەکانی نێوان هەڵەبجە و پاوە دە...

15 کیلۆ زێڕی قاچاخ لە سنوورەکانی نێوان هەڵەبجە و پاوە دەستی بەسەرداگیراوە