"ویستراوە ئەمدیوی هەرێمی کوردستان بکرێت"

15 کیلۆ زێڕی قاچاخ لە سنوورەکانی نێوان هەڵەبجە و پاوە دەستی بەسەرداگیراوە

شۆڕش قادری

لە سنوورەکانی نێوان هەڵەبجە و شاری پاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان 15 کیلۆ زێڕ دەستی بەسەرداگیراوە کە ویستراوە بە قاچاخ ئەمدیوی هەرێمی کوردستان بکرێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر لەزاری کیاسەت سێپێهری فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای کرماشان بڵاویکردووەتەوە کە هێزەکانیان توانیویانە دوای بەدواداچوون و چاودێری دوو قاچاخچی لە دوایین خاڵی سنووری شاری پاوە، دەستبەسەر 15 قاڵب زێڕدا بگرن کە هەر یەکێکیان کیلۆیەک بووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دوو قاچاخچییە ویستوویانە زێڕەکە ئەمدیوی هەرێمی کوردستان بکەن، هەردووکیان دەستگیر کراون و لێکۆڵێنەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

مەرزی فەرمی نێوان هەڵەبجە و کرماشان مەرزی شۆشمێـیە کە دوایين ناوچە لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە شارەدێی تەوێڵەیە، كە 22 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەوە دوورە و لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە، یەكەمین ناوچە كە پێیدەگات، شارەدێی پاوە و گوندی هانەگەرمەڵەیە، كە سەر بە پارێزگای كرماشانە.