ئه‌مریكا چیتر پاره‌ نادات

عێراق ده‌بێت تا كۆتایی 2028 مین و پاشماوه‌كانی جه‌نگ له‌ وڵاته‌كه‌ی لاببات

964+

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگه‌یاند، عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پابەندە بە پاککردنەوەی مین و پاشماوە تەقەمەنییەکانی جەنگ تا کۆتایی ساڵی 2028. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا چیتر پشتیوانی ئەو هەوڵانه‌ ناکات، بۆیه‌ دەبێت حکومەتی داهاتوو گرنگییەکی تایبەت و راستەقینەی پێبدات.

ئیکتیفا ئەلحەسناوی، یاریدەدەری ئەمینداری کارگێڕی وەزارەتەکە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق ده‌ڵێت، “عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پابەندە بەوەی وڵاتەکە بە دوور لە مین و پاشماوەی تەقینەوەکانی شەڕ تا کۆتایی ساڵی 2028 رابگەیەنێت”.

روونیشیکردەوە، “ئەم پابەندبوونە بەهۆی نەبوونی تەرخانکردنی داراییەوە رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە، پرسی مین و پاشماوە تەقینەوەکانی جەنگ بە پلەی یەکەم پشت بە هەوڵە نیشتمانییەکان و هەندێک پڕۆژەی وەبەرهێنان دەبەستێت کە لەگەڵ کۆمپانیا رێگەپێدراوەکاندا هەماهەنگکراون”.

ئەلحەسناوی ئاشكرای ده‌كات، “ئەمریکا پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ بەرنامەی پاککردنەوەی مینی چێندراو راگرتووە، بۆیه‌ پێویسته‌ حکومەتی داهاتووی عێراق گرنگییەکی تایبەت و راستەقینە بە پرسی مین لە رێگەی تەرخانکردنی دارایی و پشتیوانی لۆجستیکی بۆ هەوڵە نیشتمانییەکان بدات، هەروەها پارێزگارەکان پشتیوانی له‌ پاککردنەوەی پارێزگاکانی خۆیان دووپات بكه‌نه‌وه‌.

عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌ست مین و پاشماوه‌كانی ته‌قه‌مه‌نی و جه‌نگه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، هه‌ر له‌ پاشماوه‌ی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق و ئێران، دواتریش شه‌ڕی عێراق و ئه‌مریكا، ئینجا شه‌ڕی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان.

مین باوکێکی کوشت و چاوێکیشی لە کوڕەکەی سەندەوە

مین باوکێکی کوشت و چاوێکیشی لە کوڕەکەی سەندەوە