"زۆنگاوە دەستکردەکان"
بۆ چارەسەرى وشکەساڵى؛ نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژەیەکی ستراتیژیی رادەستی زیقار کرد
964+
وریا فەتاح
نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژەی “زۆنگاوە دەستکردەکان”ـی بۆ چارەسەرکردنی وشکەساڵی و پیسبوونی ژینگە رادەستی حکومەتی عێراق کرد، کە سوود بە هەزاران دانیشتووی پارێزگای زیقار دەگەیەنێت.
پڕۆژەکە خزمەت بە 30 هەزار کەس دەکات لە رێگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس (ئاوەڕۆ) و پاراستنی جۆرە بایۆلۆژییەکان.
وەک ئەوەى ئاژانسى دەنگ و باسى عێراق باسى کردووە، بەپێى پڕۆژەکە رۆژانە 4000 مەترسێجا ئاوى قورس بە شێوەیەکی سروشتی لە ڕێگەی حەوزی قامیشەوە دەپاڵێورێت و دواتر دەڕژێتە ناو ئەهوارەکانەوە.
روونیشکراوەتەوە کە ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کۆچی ناچارییە، کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و نەمانی سەرچاوەکانی بژێوی لە باشووری عێراق دروست بووە.
پڕۆژەکە بە هاوکاری ئاژانسی “سیدا”ی سویدی و لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) و بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP) جێبەجێ کراوە.