هەرکیلۆیەک تا 1000 دینارى چووەتەسەر
مریشکی سپی و سوور گران بوون
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
نرخی مریشک لە بازاڕەکانی پەلەوەر بەرزبووەوە، تەنیا لە یەک هەفتەدا نزیکەی 750 دینار چووەتە سەر هەر کیلۆیەک مریشکی سپی.
شاڵاو عەبدوڵا، کە خاوەنی دوکانی فرۆشتنی مریشک و قازی کوردییە لە گوندی قۆریتان، بە 964ی وت: “رێک هەفتەیەک پێش ئێستا کیلۆی مریشکی سپی بە 2500 دینار بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 3250 دینار، واتە 750 دینار گران بووە.”
ئاماژەی بەوەش کرد، مریشکی سووریش گرانبوونی بەخۆوە بینیوە و نرخی یەک کیلۆ لە 5000 دینارەوە بووەتە 6000 دینار. سەبارەت بە هۆکارەکەشی وتی، “دەواجینەکان گران لێمان دەفرۆشن و بەو هۆیەوە نرخ بۆ هاوڵاتیانیش گران بووە.”
گوندی قۆریتان بازاڕێکی گەورەی پەلەوەری لێیە و زیاتر لە 20 دوکانی فرۆشتنی مریشک، قاز و کەڵەشێری لێ کۆبووەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح