خواردنێکی تایبەت ئامادەدەکەن
ئەمڕۆ جهژنی ”خدر ئلیاس”ی کوردانی ئێزدییە
964+
فەرهاد حەسەن
ئەمڕۆ 19.2.2026 جەژنی “خدر ئلیاس”ە لەناو ئێزدییەکان، کە پێگەیەکی تایبەتی هەیە و چەندین رێوڕەسمی ئایینی و کلتووری لەخۆدەگرێت، بۆئەمەش خواردنێکی تایبەت بەم جەژنە ئامادەدەکرێت کە لە دانەوێڵە دروستکراوە.
بابا شێخی ئێزدیان، شێخ عەلی شێخ ئەلیاس لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئێزدییەکان لە کوردستان و عێراق و سەرتاسەری جیهان، کردووە و هیواخوزە ئەم بۆنەیە ببێتە هۆی چاکە و خۆشگوزەرانی و نیعمەت بۆ هەمووان و بەهێزکردنی پابەندبوون بە بەها ئایینییە رەسەنەکان.
یەکێک لە دیمەنە هەرە دیارەکانی پێشوازیکردن لەم جەژنە، کۆبوونەوەی ژنانی ئێزدییە لە حەوشەی ماڵەکاندا بۆ ئامادەکردنی خواردنی “پەخون” یان “کچکە”، ئەم خواردنە لە تێکەڵەیەک لە چەندین جۆری دانەوێڵە و وشکەبارات پێکدێت، لەوانە؛ گەنم، پێکهاتەی سەرەکییە، نۆک و نیسک و پاقلە و گەنمەشامی هەروەها تۆوی کولەکە و گوڵەبەڕۆژە.
ئەم پێکهاتانە لەسەر ساجێکی گەورە و بە ئاگری دار دەبرژێنرێن، پاشان دەهاڕدرێن و دەکرێنە “پەخون” یان وەک “چەرەز” لە کاتی مەراسیمەکاندا پێشکەش دەکرێن.
بەر لە هاتنی جەژن، پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕۆژوو دەبن، دەشڵێن (ئەوانەی ناویان خدر یان ئلیاسە بەرۆژوو دەبن) ئەوانەی دیکەش لەماوەی ئەم سێ رۆژەدا خێر دەکەن و لەم چەند رۆژەدا هیچ ئاژەڵێک سەرنابڕدرێت و گۆشت ناخورێت، وەک رێزێک بۆ پیرۆزیی جەژنەکە و پاراستنی گیانی زیندەوەران.