بزانە بۆچی ناویان لێناوە نایاب؟
سوپاس و پێزانین بەخشرایە گۆشتفرۆشە نایابەكەی قەزای كۆیە
964+
فەرهاد حەسەن
دوای ئەوەی کە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستی کۆیە بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی گواستنەوەی گۆشتی تازە سەربڕدراو (فرێش) بە ئۆتومبیلی بار، یاخود سەرکراوە، یەكێك لە گۆشتفڕۆشەكان پابەندبوونی تەواوی خۆی بەم بڕیارە دووپاتكردەوە و ئەوانیش ناویان لێنا “گۆشتفرۆشە نایابەكە”.
ئەو بڕیارەی تەندروستی بەپێی یاسای تەندروستی گشتی ساڵی ١٩٨١ و رێنمایی ژمارە ٢ ساڵی ١٩٩٠ـە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە دەڵێت، یەکەم گۆشتفرۆش لەشاری کۆیە هەڵسا بە دابینکردنی (ئۆتۆمبیلی ساردکەرەوە – بەراد) ناوی کۆچەر نادر قادرە و یەکەم گۆشتفرۆشە کە گەیشتە پلەی (نایاب) لە شاری کۆیە و لەلایەن د.تارا جەمال بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی کۆیە و شادیە سابیر تەها لێپرسراوی هۆبەی چاودێری تەندروستی سوپاس و پێزانینی پێدرا.
تەندروستی دووپاتی دەكاتەوە، ئێستا هەموو ئیشوکارەکانی ئەم گۆشتفرۆشیە تەواو نمونەیین و داواش لە هاوڵاتیان دەکات هەر گۆشتفرۆشێكیان بینی کە کەلوپەلی پێویستی نیە بۆ کارەکەی و گوێ بە تەندروستی هاوڵاتیان نادات و گۆشتەکەی لەناو براد نیە، یان برادی نیە بۆ گواستنەوەی یاخود پاکوخاوێن نیە لەلای خۆیانەوە ئاگاداریان بكەنەوە بۆ سزادانی كە سزواكەشی داخستن و پێبژاردنە.