لافاویش تەرمی باوكی بردووە

دوای 38 ساڵ چاوەڕوانی ژنە تاقانەیەكی دیكەی ئەنفال ماڵئاوایی كرد

964+
فەرهاد حەسەن
دوای 38 ساڵ چاوەڕوانی هاتنەویەی كەسوكاریان ژنە تاقانەیەكی دیكەی ئەنفال بەیەكجاری ماڵئاوایی لە ژیان كرد و یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستانیش لە گەرمیان كە هاوخەمی دەربڕیوە، چیرۆكی كارەساتئامێزی گیانلەدەستدانی باوكی ئەو ژنە باسدەكات.
“ئینجە حەمید غێدان” ژنە تاقانەكەی ئەنفالە، خێزانی شەهیدی ئەنفالكراو رەشید حەمید شانەیە و لە گەرمیان كۆچی دوایی كرد.
یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید بڵاویكردووەتەوە، كە حەمیدی باوکی کۆچکردوو جگە لەم کچە سەرجەم منداڵەکانی بەخێزانیەوە بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتوون، مام حەمید لەگەڵ کۆمەڵە ماڵێکی دانیشتوی هەردوو زنانەی خواروو و ژووری ناوچەی داودە، خۆیان ڕادەستی دووژمن ناکەن و ژیانی خۆپارێزی هەڵدەبژێرن لە شوێنە سەخت و دوورەدەستەکاندا .
مام حەمید لە دەرەوەی دێکەیان ژێرزەمینێکی دەبێ بۆ خۆپارێزی، هەر لە قۆناغی سێی ئەنفال کاتێک سوپای داگیرکەر بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە بە دێهاتە ڕووخاوەکاندا دەگەڕێت، مام حەمید بەدیدەکەن و دەستبەسەری دەکەن و هەرلە ناو ژێرزەمینەکەی تەنیشتی ئاوایی شەهیدی دەکەن.
دواتریش بەهۆی باراناوی زستانەوە تەرمی مام حەمید بەر لافاو دەکەوێت و تاوەكو ئێستاش ئێسکو پروسکی نەدۆزراونەتەوە.