نمونەیەکی مۆڵەتی شۆفێری کە راگەیاندنی هاتوچۆی چەمچەماڵ بڵاویکردووەتەوە.
لەمەودوا لە مەفرەزەکاندا کۆپی ئەلیکترۆنی مۆڵەتەکەت کار پێ دەکرێت
مۆڵەتی شۆفێری بوو بە دیجیتاڵی
ژێوار خدر
لەمەودوا شۆفێران دەتوانن کۆپی ئەلیکترۆنی مۆڵەتەکانیان لەناو مۆبایلەکانیان هەڵبگرن و لە کاتی بینینی مەفرەزەکاندا وەک بەڵگەیەکی فەرمی پیشانی بدەن، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان و کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان دەکات تاوەکو لە کاتی ونکردن یان لەبیرچوونی مۆڵەتە فیزیکییەکەیان، تووشی کێشە و سزای دارایی نەبن.
هاتوچۆی هەرێم رایگەیاند، ئەپلیکەیشنی KRDPass کە لەسەر سیستمی ئەندرۆید و ئەپڵ بەردەستە، وەشانی نوێی بۆ دەرچووە و ئێستا خزمەتگوزاری مۆڵەتی دیجیتاڵی تێدا چالاک کراوە، هەموو ئەو کەسانەی مۆڵەتی نوێی شۆفێرییان هەیە، دەتوانن وردەکارییەکان و کۆپییەکی ئەلیکترۆنی مۆڵەتەکەیان لەناو ئەپەکەدا ببینن و سوودی لێ وەربگرن.
دەشڵێت، بۆ بینینی مۆڵەتەکە، پێویستە بەکارهێنەر ئەپەکە ئەپدەیتی بکاتەوە و لە بەشی “جزدان” مۆڵەتەکەی بدۆزێتەوە، ئەم کۆپییە دیجیتاڵییە لە لایەن مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتووچۆوە کاری پێ دەکرێت و شۆفێران دەتوانن لەبری مۆڵەتە فیزیکییەکە پیشانی بدەن و بێ کێشە تێپەڕ بن، ئەمەش وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و بەکارهێنانی کاغەز و پلاستیک.