نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار. وێنە :964
زیاتر لە 600 منداڵ چارەسەریان پێدراوە
پەتایەک بەرۆکی منداڵانی گەرمیانی گرتووە
میلاد جەلال- گەرمیان
زیاتر لە مانگێکە پەتایەک لەناو منداڵانی گەرمیان بڵاوبووەتەوە، نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار پڕ بووە لە منداڵ و رۆژانە نزیکەی 60 منداڵ داخلی نەخۆشخانەکە دەکرێن.
دکتۆرە ڤیان عومەر، پزیشکی منداڵان لە نەخۆشخانەی قەڵا بە 964ى وت، “نەخۆشییەکە ھەوکردنی بۆریچکەکانی ھەوایە، ساڵانە تووشی منداڵان دەبێت، ئەمساڵ نەخۆشییەکە زیاتر بڵاوە و منداڵان قورستر تووشی دەبن بەراورد بە ساڵەکانی دیکە”.
“نیشانەکانی نەخۆشییەکە لەسەرەتادا بە ئاوی لووت و تایەکی سووک دەستپێدەکات، دوای چەند رۆژێک تووشی ھەناسەتوندی و کۆکەی زۆر دەبێت و خواردنی کەم دەبێتەوە “، دکتورە ڤیان عومەر وای وت.
وتیشی، “ئەو منداڵانەی تەمەنیان خوار دوو ساڵە زیاتر تووش دەبن، بەڵام ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان خوار شەش مانگە زۆر بەقورسی تووش دەبن، بۆیە پێویستە شیری دایکیان پێبدرێت، تا زووتر چاکببنەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، نەخۆشییەکە لەناو منداڵان دەگوازرێتەوە، پێویستە دایک و باوکان ئاگاداری منداڵەکانیان بن، بە تایبەت منداڵی کۆرپە، چەندین حاڵەتی مەترسیداریان ھەبووە رەوانەی نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال کراون لە سلێمانی، ئێستا بەهۆی نەمانی جێگە لەوێش ناچارن رەوانەی نەخۆشخانە تایبەتەکانیان بکەن.
لەبارەی ئامارەکانی تووشبون بە نەخۆشییەکە، حارس محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار بە 964ى وت، “رۆژانە نزیکەی 60 منداڵ سەردانی نەخۆشخانەی قەڵا دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر، لە ماوەی دوو ھەفتەی رابردووشدا زیاتر لە 600 منداڵ چارەسەریان پێدراوە”.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا