دیمەنی شەقامێک لە زاخۆ - وێنە: 964
بەخشینەکان هەژمار ناکرێن
رەمەزانی زاخۆ جیاوازە و نان و خانوو بە بەلاشە
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بۆ چوارەم رەمەزان و لەدوای یەک ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردەوامی بەپڕۆژەکانی مانگی رەمەزانی دەدات و ئەم رەمەزانەش مەودای بەخشینەکانیان فڕاوانتر و زیاتر کردووە.
دابەشکردنی 30 یەکەی نێشتەجێبوون بەسەر 30 خێزانی هەژار و کرێچی، کەمکردنەوە پارەی نەشتەرگەری بەرێژەی 20% لە سەرجەم نەخۆشخانە ئەهلییەکان و نرخی دەرمان و کەرەستە تەندروستیەکان، وە کەمکردنەوەی 50% بلیتی پزیشک.
هەروەها، دانەوەی قیستی قوتابیە کەمدەرامەتەکانی زانکۆ و پەیمانگا، وە هەروەها دانی قەرزی هەژارەکان لەچەند مارکێتێک، جگە لەوانەش بازاڕێکی تایبەت بەمانگی رەمەزان، بەرامبەر زانکۆی زاخۆ کراوەتەوە کە 50 کۆمپانیا کەرەستەی خۆڕاک و ئازۆقە بەکەمتر لەنرخی کۆ بەخەڵک دەدەن، وە لەهەر گەڕەکێک نانەواخانەیەک نان بێ بەرامبەر بە هاوڵاتیان دەدرێت.
شڤان عەبدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە 964 وت، دەستپێشخەریەکانمان زۆر زیاترن، بەڵام ئەمانە دیارترینیانن، یەکەی نێشتەجێبوون بەو خێزانە دەدرێت کەشایستەیە و لیژنەیەکیش چاودێری ئەم هەموو پڕۆژانە دەکات، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تەندروست ئیدارەیی بدەین.
ئیدارەی زاخۆ هەموو ساڵێک بەر لەهاتنی مانگی رەمەزان، پڕۆژەکانی رادەگەیەنێت و پلانیان هەیە بەردەوام بێت بۆ ساڵەکانی داهاتوش، شڤان عەبدی وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا