"بەدوو گۆرانی بەناوبانگ بوو"
خالید سەرکار و د. تەها رەسوڵ باسی ئاوازەکانی کەریم کابان دەکەن
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
خالید سەرکار میوزیکژەن دیاری کورد و د. تەها رەسوڵ کەسایەتی شاری سلێمانی باسی ئاوازەکانی هونەرمەندی کوچکردوو کەریم کابان دەکەن و دەڵێن، “بە گوێگرتن لە گۆرانییەکانی، سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتیمان بیردێتەوە”.
هونەرمەند خالید سەرکار دەڵێت، “کەریم کابان بەهۆی ئەو دوو گۆرانییەوە بەناوبانگ بوو کە لەسەر دەریاچەی دوکان کلیپیان بۆ کراوە و لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی تۆماری کردوون”.
ئاشکراشیکرد، هونەرمەند کەریم کابان تەنیا نۆ گۆرانی نییە، بەڵکو چەندین ئاواز و گۆرانی دیکەی هەیە کە لە رادیۆی کوردی بڵاودەبوونەوە و تۆمار نەکراون.
د تەها رەسوڵیش دەڵێت، بە ئاوازەکانی کەریم کابان مێژووی سەروەری و یادگارییە شۆڕشگێڕییەکانم بیردێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستی و دڵداریش بەشێکە لە ژیان، بەر گولـلە کەوێ ئەو دڵەی خۆشەویستی تێدا نەبێ، بەڵام خۆشەویستی نیشتمان و ئینسان هەمووی ئاوێتەی یەکترن”.
ئەمڕۆ سێشەممە 17.2.2026 مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ میوزیکژەن خالید سەرکار لە سلێمانی بەڕێوەچوو لەپای خزمەت و ماندووبوونی بۆ هونەری کوردی.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری