مەترسی دروستکردووە
بەشی پشتەوەی بازاڕی داون تاونی هەولێر داکەوتووە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
باران بارینی چەند رۆژی رابردوو مەترسی بۆ سەر بەشێک لە دوکان و ماڵەکانی دیوی پشتەوەی بازاڕی “داون تاون” لە هەولێر دروستکردووە، ئەوەش بەهۆی داکەوتنی بەشی پشتەوەی بازاڕەکە کە زیاتر لە 20 ساڵە بە نیوەچڵی جێهێڵدراوە.
بە قسەی شایەتحاڵەکان، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2004ـەوە بەم شێوەیە ماوەتەوە و لەگەڵ باران بارینی ئەم دواییەدا زەوییەکەی داکەوتووە و مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵک و کاسبکارانی ئەو ناوچەیە دروستکردووە، ئەوەش نیگەرانییەکی زۆری لای هاوڵاتییان دروستکردووە کە نەک تەنیا زیانی مادی، بەڵکو مەترسی گیانیشی لێبکەوێتەوە.
ئارام رەسول، بەڕێوەبەری شارەوانی یەک بۆ 964 جەختی لەوە کردەوە، کە ئاگاداری کێشەکەن و پڕۆژەکە لە ساڵی 2004ەوە وا جێهێڵدراوە.
وتیشی، پێکەوە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر لێژنەیەکی تایبەتیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێکهێناوە تاوەکو رێگری لە هەر رووداوێکی نەخوازراو بکەن و بە زووترین کات چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر