بە پاڵپشتی دارایی واشنتن زمانی ئینگلیزی دەخوێنن

پڕۆگرامێکی نوێی خوێندن بۆ ئاوارەکانی شێخان دەکرێتەوە

ژێوار خدر

وێندی گرین، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی پڕۆگرامی پەروەردەیی “ئاکسێس” لە قەزای شێخان کرد، کە تایبەتە بە پەرەپێدانی توانای قوتابییان لە زمانی ئینگلیزیدا و رەخساندنی دەرفەتی نوێی پەروەردەیی بۆ گەنجانی ناوچەکە.

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، ئەم پڕۆگرامە لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت و دامەزراوەی “فری ئێزدی” جێبەجێی دەکات، لە رێی ئەم پڕۆژە دوو ساڵییەوە، زیاتر لە 100 قوتابی بەتوانای قۆناغی ئامادەیی لە قەزای شێخان و کامپی ئاوارەکانی نزیک قەزاکە، دوای خوێندنی رۆژانەی خۆیان خولی تایبەت بە زمانی ئینگلیزی وەردەگرن بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاستی زانستییان.

دەشڵێت، مێژووی دوو سەدە و نیوی بەها ئەمریکییەکان وەک پەروەردە و دەرفەتی کار بەرز دەنرخێنن و پیرۆزبایی لە خوێندکارانی بەشداربووی پڕۆگرامەکە دەکەن بۆ ئەو دەستکەوتە گرنگەیان.