دیوانی وەزارەتی شارەوانی بڕوانامەی ئایزۆ وەردەگرێت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دیوانی وەزارەتی شارەوانی بڕوانامەی ئایزۆی لە بواری ئیداریدا وەرگرت و وتەبێژەکەی دەڵێت، دەگمەنترین دامەزراوەی عێراقن ئەو بڕوانامەیە وەربگرن.
ئایزۆ سیستمێکی کوالێتیی جۆرییە لە زۆرێک لە وڵاتان بەکاردێت، بڕوانامەی لە زۆربەی بوارەکاندا هەیە و ئیدارییەکەی پێی دەوترێت ئایزۆ 9001.
تۆڕی 964 دەزانێت، دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم ماوەی هەشت مانگە لە لایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە خولیان بینیوە و دواتر تاقیکردنەوەیان کردووە و بڕوانامەکەیان وەرگرتووە.
کوردۆ شابان، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، هەر دەزگا و دامەزراوە و فەرمانگەیەک لە دنیادا بڕوانای ئایزۆی نەبێت دانی پێداناندرێت.
بڕوانامەی ئایزۆ دوای بینینی خول لە لایەن چەند وڵاتێکەوە دەدرێت، ئەوەی دیوانی وەزارەتی شارەوانی لە وڵاتی ئەڵمانیا وەرگیراوە.
دەشڵێت، سیستمی ئایزۆ گەندەڵی ناهێڵێت و رۆتینات کەم دەکاتەوە، “سیستمێکی ئیداریش دروست دەکات، کە هەرکەس بچێتە ئەو فەرمانگەیە یان ئەو پلەیە دەبێت بەو سیستمە کار بکات”.
بڕوانامەکە ساڵانە نوێ دەکرێتەوە و بەر لە نوێکردنەوەشی پشکنین دەکرێت بۆ دەرکەوتنی چۆنێتیی پەیڕەوکردنی سیستمەکە، ئەگەر کێشە و کەمتەرخەمییەک هەبێت بڕوانامەکە تازە ناکرێتەوە.