"ئەوانەی بەرۆژوو دەبن خوێن نابەخشن"
هەڵەبجە پێش چوونە ناو مانگی رەمەزان هەڵمەتی خوێنبەخشینی دەستپێكرد
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
چەند رۆژێكی كەم ماوە بۆ چوونە ناو مانگی رەمەزان، لە هەڵەبجە هەڵمەتێکی خوێنبەخشین دەستیپێکردووە، چونكە بەڕێوەبەری بانكی خوێن دەڵێت “ئەوانەی بەرۆژ دەبن خوێن نابەخشن”.
پەیامنێری 964 لەناو بانكی خوێن دیمەنەكانی بینی كە دەیان کەس بۆ خوێنبەخشین بەشداری هەڵمەتەکەیان كردووە، هەرچەندە بڕیاریان وایە تاوەكو کۆتایی مانگی رەمەزان هەڵمەتەكە بەردەوام بكەن، بەڵام هیوا تەها، بەڕێوەبەری بانکی خوێن بە 964ـی وت لە رەمەزاناندا خوێنبەخشین کەمدەبێتەوە بەهۆی ئەوەی خەڵکی پابەندی رۆژووگرتن و عیبادەتن و ناتوانن خوێن ببەخشن.
وتیشی “ئەوانەی ئەمڕۆ هاتوون خوێن دەبەخشن خوێنەكەیان بۆ نەخۆشانی تالاسیمایە”.
ئەگەرچی ئامارێكى دڵنیایی لە بانكی خوێنی هەڵەبجە نییە كە مانگانە چەند كیس خوێن وەردەگیرێت و چەندیش دەبەخشرێتە نەخۆشەكان، بەڵام بەڕێوەبەری بانك وتی “لە 250 تاوەكو 400 كیس مانگانە وەردەگیرێت و دەبەخشرێتە نەخۆشەكان”.
پێداچوونەوە: فەرهاد حەسەن