میللەتێک لە هونەر
ئالەت و دەنگی رەسەن لە چایخانەیەکی کەلار کۆبوونەتەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
چایخانەی میللەت لە کەلار، لەگەڵ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەدا، بووەتە ژوان و مەکۆی هونەرمەندان و دەنگخۆشانی ناوچەکە، بەتایبەت هونەرمەندە گەنجەکان بەدەم چا خواردنەوەوە ئاوازو گۆرانی دەچڕن.
چایخانەک لە ساڵی 2014 لەناو بازاڕی کەلار دانراوە، ئارام مەلا نوری خاوەنی چایخانەکەیە بە 964ى وت، ئێرە تەنھا چایخانەیەک نیە، شوێنێکە بۆ ھەموو کار و چالاکیە جیاوازەکان، ئەوانەی دەنگیانخۆشە و موزیکژەنن ئێرەیان کردوە بە ماڵێک بۆخۆیان و زۆرجار دێن لێرە گۆرانی دەڵێن و کەشێکی ھونەری خۆشیش دەدەن با چایخانەکە.
محەمەد لوقمان، گەنجێکی ھونەرمەندە و زۆریش ھاتوچۆی چایخانەکە دەکات دەڵێت، چایخانە ھەر لە کۆنیشدا ناوەندێک بووە بۆ گواستنەوەی ھونەر و مەقامات، ئێستاش چایخانەی میللەت ھەمان رۆڵدەگێڕێت.
کاکان عەلی، گەنجێکی دەفژەنە باس لەوە دەکات، زۆرجار بەشێک لە پرۆڤە و کارە ھونەریەکانمان دەھێنینە چایخانەی میللەت، زۆرینەی ئیشە ھونەریەکان لێرە ئەنجام دەدرێت و خاوەنی چایخانەکە پاڵپشتیمان دەکات.
ئاودێر سدیق، گەنجێکی دەنگخۆشە و دەڵێت، چایخانەی میللەت جگەی لەوەی چایخانەیە بووە بە ناوەندێکی رۆشنبیری و کلتوری بۆ گەنجانی ناوچەکە، لێرە کۆدەبینەوە لەگەڵ ھاوڕێکانمان پرۆڤە دەکەین.
لەوێ ئامێرەکان دەف، کەمانچە، گیتار، نەی و تەپڵ و ئالەتەکانی دیکە دەژەنرێن، زۆرێک لەوانەی ساڵانێکی کۆنە لە بواری هونەەری کار دەکەن، دێنە لای ئەم جیلە نوێیە و هاوکار و پشتیوانیان دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا