پێشتر هەر بە فڕۆکە گەشتیان کردووە

ئەمساڵ 700 هاوڵاتی هەرێم لە رێگەی وشکانییەوە دەچن بۆ حەج

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بۆ یەکەمجار 700 هاوڵاتیی هەرێم لە رێگەی وشکانییەوە بۆ حەج دەنێردرێن، وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، ئەگەر کارەکە سەرکەوتوو بێت ساڵانە رێژەکە زیاد دەکرێت.

ساڵانی پێشتر هاوڵاتیانی هەرێم لە رێگەی فڕۆکەوە دەگەیەندرانە وڵاتی سعودییە و بۆ یەکەمجارە کۆستەر بۆ ئەو مەبەستە بەکار دەهێندرێت.

بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێم، کە بە تۆڕی 964 دراوە، ئەمساڵ 3000 هاوڵاتی هەرێم دەتوانن مەراسیمی حەج ئەنجام بدەن.

هەڵگورد عەبدولسەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەولێر بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، وەزارەتی ئەوقاف ئەو 700 هاوڵاتییە وەک تاقیکردنەوە بە پاس دەنێرێت و ئەگەر پڕۆسەکە سەرکەوتوو بوو ساڵانی دواتر رێژەکە زیاتر دەکرێت.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەمساڵ سعودییە ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی سەردانی وڵاتەکەی دەکەن بۆ حەجکردن بۆ 1 ملیۆن کەس بەرز کردەوە.

“ئەنجامدانی حەج لە رێگەی وشکانییەوە تێچووی کەمتر دەبێت و ئەو فشارە زۆرەش لەسەر وەزارەتی ئەوقاف نامێنێت لە کاتی حەجکردنیاندا”، هەڵگورد عەبدولسەمەد وای وت.

لە هەرێمی کوردستان 150 کۆمپانیا مامەڵەی هاوڵاتیان بۆ حەج و عەمرە رێک دەخەن و پێشتر تەنیا گەشتکردن بۆ ئەنجامدانی عەمرە لە رێگەی وشکانییەوە ئەنجام دراوە.