لەبارەی پێناسەی گومرگی و سیستەمی ئاسیکودا

بەغدا بڕیاری نوێی لەبارەی خاڵە سنورییەكانی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرد

فەرهاد حەسەن

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێداگری لە جێبەجێکردنی پێناسەی گومرگی و جێبەجێکردنی تەواوەتی سیستەمی ئاسیکودا دەكات و فەرمانیكردوە بە پاڵپشتیكردنی رێکارەکانی دەستەی دەروازە سنورییەکان لە خاڵەکانی هاوسنوری هەرێمی کوردستان.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمشەو لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سودانى سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچون بۆ هەوڵەکانى جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 957ی ساڵی 2025ـی حکومەت و بڕیارەکانی دیکەی کابینەی حکومەت كردووە کە تایبەتن بە جێبەجێکردنی باجی گومرگی و سیستەمی ئاسیکودا.

لە کۆبونەوەکەدا جەختكراوە لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی بڕیارەکان و جێبەجێکردنی پێناسەی گومرگی و جێبەجێکردنی تەواوەتی سیستەمی ئاسیکودا و راشیگەیاندوەە، کە ئەو بڕیارە گرنگ و ستراتیژیانەی کە دراون ئامانجیان راستکردنەوەی رێڕەوی ئابوری و چارەسەرکردنی ناهاوسەنگییە کەڵەکەبووەکانە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆک وەزیران فەرمانیكردووە بە پاڵپشتیكردنی رێکارەکانی دەستەی دەروازە سنورییەکان لە خاڵەکانی پشکنینی هاوسنوری هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی زامنكردنی یەكسختنی رێکارەکان و رسومات لە سەرجەم دەروازەكان و بەدیهێنانی کێبڕکێی دادپەروەرانە لە بازاڕ و بەهێزكردنی پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی، وێڕای بەدەستهێنانی جیاوازی رسومات بەشێوەیەكی رێکخراو.

ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق لە كاتێكدایە، کە لە رۆژی 4.2.2026 محەمەد شیاع سودانی لەمیانەی کۆبونەوەیەکی لیژنەی باڵای چاکسازیی باج، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی بۆ یەکخستنی باج لە نێوان هەرێم و بەغدا دا و بۆ ئەو مەبەستەش هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی باج لە هەرێمی کوردستان دەكرێت.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2024 هەرێم و بەغدا، لە بواری باج لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن، کە وەزارەتی دارایی هەرێم، بڵاویکردبووەوە:

 داننان بەپاکانەی باجی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە کەپێشتر هیچ بایەخێکیان بۆ دانەدەنا

چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان، کە پێشتر لە بەغدا داوای باجیان لێدەکردن

چارەسەرکردنی کێشەی پێدانی سوتەمەنی بۆ کارگەکانی هەرێم بەنرخی هاندراو

رێکەوتن لەسەر یەکخستنی رێکارو رێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج کرا بە میکانیزمی هاوبەش

هەردوولا لەسەر بانکەکان رێکەوتن کە بارەگای سەرەکی بانکەکە بکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج  

هەردوولا رێکەوتن لەسەر هەماهەنگی پێویست و گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگری کردن لە خۆدزینەوە لەباج