ناویشی خونچەیە
ماوەی نیو سەدەیە بوكەڵەیەك خەمڕەوێنی بەیان زەریفییە
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
پەنجا ساڵی رەبەقە، بوكەڵەیەك بووەتە هەمنشین و خەمڕەوێنی هونەرمەند و ئەكتەری بواری دراما بەیان زەریفی و وەكو منداڵێكی شیرینی خۆی هەستەكانی بۆ دەردەبڕێت.
بوكەڵەكە لە تەمەنی 12 ساڵیدا، خوشكە گەورەكەی بەدیاری بۆی كڕیووە و تا ئەم ساتە پارێزگاریی لێكردووە و هیچ بارودۆخێك لەیەكی دانەبڕاندوون.
لە فیچەرێكی تایبەت دا، هونەرمەند بەیان زەریفی قسەی بۆ 964 كردووە و دەڵێت، پەنجا ساڵە “خونچە” لای منە و بووەتە خەمڕەوێن و ئارام بەخشی ژیانم، رۆژانە كە لەخەو هەڵدەستم بە بەیانی باش لەو دەست بە رۆژەكەم دەكەم و سەیری چاوە سەوزەكانی دەكەم و تێر لێی دەڕوانم، چونكە لەیەكتری تێدەگەین، زۆر خەمڕەوێنترە لەو كەسانەی كە دوو ڕوویی بەرامبەرت دەكەن و رووی راستەقینەی خۆیان دەشارنەوە.
بەیان زەریفێ کە خۆی تەمەنی 62ساڵە، خونچە 50ساڵە هاوڕێیەتی و وەک کچی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکات، ئەوەش لەگەڵ ئەوەی رەنگە چیرۆک ژیان هۆکار بووبێت، بۆ ئەوەی بووکەڵەیەک بکات بە ئامڕازی وەفا و مانەوە.
چیرۆكی كڕینی بوكەڵەكەی بۆ گێڕاینەوە و وەكو خۆی باسی دەكات، كاتێك تەمەنی 12ساڵان بووە خوشكە گەورەكەی، خۆی و خوشكێكی دیكەی دەبات بۆ بازاڕ و بوكەڵەیەكیان بە دیاری بۆ دەكڕێت، ئەگەرچی رەخنەی زۆری لێگیراوە كە چۆن دەبێت بوكەڵەیەكی بێ گیان وەكو شوێنگرەوەی مناڵێكی خۆی وێنا بكات، بەڵام لای ئەو وێنەیەكی دیكەی هەیە و هەمان چێژی دایكایەتی پێ بەخشیووە، چونكە ئارام بەخشە بۆی و هەست دەكات تەنیا نییە و دایمە كەسێك لەماڵەكەیدا بوونی هەیە.
خۆشەویستی ئەو بۆ بوكەڵەكەی بەجۆرێكە، نایەوێت هەرگیز لەدەستی بدات و وەكو خۆی دەڵێت، بە لەدەستدانی زۆر دڵگران دەبم و ئەگەری هەیە بەهۆی لەدەستدانییەوە نەخۆش بكەوم، وەسیەتیش دەكەم لەدوای نەمانی خۆم خانەوانەدەكەم لای خۆیان پارێزگاریی لێ بكەن، بەیان زەریفی وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا