42 کۆستەریان بۆ ئامادەکراوە

سبەی زیاتر لە هەزار کەس لە دهۆکەوە سەردانی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب دەکەن

+964

عەمار عەزیز

سبەی بە هاوکاری پارێزگاری دهۆک زیاتر هەزار کەس لە دهۆکەوە سەردانی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر دەکەن، 42 کۆستەر ئامادەکراون بۆ گواستنەوەیان.

مللەت عسمەت، سکرتێری رۆژنامەوانیی پارێزگاری دهۆک بە تۆڕی 964ی وت: “بە مەبەستی هاوکاریکردنی گەنجان لە رووی کولتوری و رۆشەنبیرییەوە پارێزگاری دهۆک لەگەڵ کتێبخانەی جزیری هەڵدەستن بە گواستنەوەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت سەردانی پازدەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر بکەن، ئەو کەسانەی تا ئێستا ناوی خۆیان نوسیووە گەیشتوونەتە سەرووی هەزار کەس، 42کۆستەریش بۆ گواستنەوەیان دابین کراوە”.

وتیشی”ناونووسین لە کتێبخانەی جزیرییە، دابینکردنی کۆستەریش لەلایەن پارێزگاری دهۆکەوەیە، سبەی هەموویان لە کاتژمێر 8بۆ9ی بەیانی بەرەو هەولێر بەڕێدەکەون”

دوێنێ چوارشەممە پازدەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر کرایەوە و
ئەمساڵ 350 ناوەندی چاپ و کتێبخانە لە 18 وڵاتەوە بەشداریان لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر کردووە و 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا