وێنە-تایبەت بە میدیازان

حەوت ساڵە بەهۆی نەبوونی کارمەندەوە نەکراوەتەوە

ژنانی قەزای خەبات زیاتر لە ٣٥ کیلۆمەتر دەبڕن بۆ دانانی مندالەکانیان

میدیازان – سەعید محەمەد – خەبات

+وێنە و ڤیدیۆ

بەهۆی نەبوونی کارمەندی تەندروستییەوە حەوت ساڵە یەکەی منداڵبوونەکەی قەزای خەبات هیچ منداڵێکی لێ لەدایک نەبووە.

دکتۆر هێرش سەعید تەرجانی، بەڕێوەبەری تەندروستیی خەبات بە میدیازانی راگەیاند ماوەی حەوت ساڵە یەکەی لەدایکبوون لەناو بنکەی تەندروستی ساڕێژ کارەکانی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پزیشکی پسپۆرو کارمەندی تەندروستی نەتوانراوە ئەو بەشە بخرێتە خزمەت ژنانی دووگیان و، چیتر بۆ لەدایکبوونی منداڵەکانیان نەچنە هەولێر.

” حەوت ساڵ یەکەی لەدایکبوون تەواو بووە و بەهۆی نەبوونی پزیشک و کارمەند نەکراوەتەوە”

بنکەی تەندروستی ساڕێژ، لە پۆلێنی تەندروستییدا پلە (A)ـیە، بەو مانایەی شوێنی مانەوەی نەخۆش و ئەنجامدانی نەشتەرگەری بچووکیشی تێدایەو، بنکەیەکی ٢٤ کاتژمێری حەوت رۆژییە.

میدیازان دەزانێت، بە کردنەوەی ئەو بنکەیە ئەوا جگە لە ژنانی سەنتەری قەزای خەبات کە ٣٥ کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورەو تێکرای ژامرەی دانیشتووانی قەزایەکە سەرووی ١١٧ هەزار کەسە، ئەوا ژنانی سەنتەری قەزاکەو ناحیەکانی رزگاری، کەورگۆسک و دارەشەکران، هەروەها سێ کۆمەڵگەو ٦٤ گوندی سنوورەکە لێی سوودمەند دەبن.

بەڕێوەبەری تەندروستی خەبات دەڵێ، نەک تەنها ژنانی سنووری قەزای خەبات، بەڵکو ژنانی ناۆیەی کەڵەکچین و گوندەکانیشی کە سەر بە پارێزگای دهۆکن و دەکەونە ئەوبەری زێی گەورە بەرانبەر قەزای خەبات، سوودی لێ دەبینن.

وتیشی: “چەندانجار نووسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر کردووە بۆ ئەوەی کارمەند بۆ یەکەکە دابین بکەن، بەڵام هیچ وەڵامێکی کرداریمان نەدراوەتەوە.”

“بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر گرنگی بە نوسراوەکەیان نادات”

یەکەی لەدایکبوونی منداڵان، ساڵی ٢٠١٥ لەسەر ئەرکی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دروست کراوە و بەشێک لە کەلوپەلەکانیشی ئامادە کراون، بە دابینکردنی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئافرەتان و لەدایکبوون و دانانی ستاف و کارمەندی پزیشکی، ئەوا سەرووی ٥٠ هەزار ژنی دەڤەرەکە سوودی لێوەردەگرن و چیتر بۆ منداڵبوون نایەنە هەولێر.

تایبەت بە میدیازان