بانکی ناوەندی ئەمڕۆ 144 ملیۆن دۆلاری فرۆشت
راکێشانی پارە بە دۆلار راگیرا
964+
فەرمان سادق
بۆ لەمەبەولا خزمەتگوازرییە بانکییە ئەلیکترۆنییەکان لەناوخۆی عێراق بە دینار مامەڵەی پێیەوە دەکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە بانکی ناوەندی بۆ ئەمڕۆ 144 ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانكی ناوەندیی عێراق رێنمایی نوێی دەرکرد لەبارەی خزمەتگوزارییە داراییە ئەلیكترۆنییەكان و رایگەیاند بۆ لەمەبەولا ئەوانەی دەیانەوێت پارە لە (ATM) راکێشن لەناوخۆی عێراق، ئەوا تەنیا مامەڵە بە دینارەوە دەکرێت.
بانکی ناوەندی کە ئەمڕۆ 144 ملیۆن و 951 هەزاری فرۆشتووە، لەم بڕەدا 61 ملیۆن و 800 هەزار دۆلاری بۆ ناوخۆی عیراق بووە و 83 ملیۆن و 151 هەزار دۆلاریشی بۆ حەواڵەی دەرەوە بووە.
بڕیارەکەی بانکی ناوەندی، پابەندبوونی بانکەکەیە بە حکومەتی عێراق کە بڕیاریدا بوو كە ئەو خزمەتگوزارییە داراییە ئەلیكترۆنییانەی لە ناوخۆی عێراق لە رێگای ئامێری ATM و ئامێری خاڵی فرۆشتن و دەروازەی پارەدانی ئەلیكترۆنی پێشكەش دەكرێن، لە ناوخۆی عێراقدا دەبێت.