ئاسایشی هەولێر ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە
ساتی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی خێزانێکی هەولێری قەتلوعام کرد
شۆڕش قادری
ئاسایشی هەولێر ڤیدیۆی ساتی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی بڵاوکردەوە کە هەڵیکوتایە سەر خێزانێک.
ئاسایشی هەولێر رایگەیاندووە، “لە رۆژی 25.1.2026 و لە رووداواێکی تاوانی کوشتنی سێ ئەندامی خانەوادەیەک لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر ئاگادار کراینەوە، دەست بەجێ لە لایەن تیمەکانمانەوە، دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچون کرا و لە ماوەیەکی کورتدا، ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەکەمان ئاشکرا کرد، بەناوی ( أ ، أ ، ع ) و لە لایەندادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو”.
“تۆمەتبار دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی بە ئۆتۆمبێلی ماڵی قوربانییەکان بەنیازبوو بەرەو شاری کەرکوک هەڵبێت، بەڵام لەلایەن هێزەکانمانەوە رێگری لێکرا و دوای رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانمان بە برینداری دەستگیرمان کرد”، ئاسایشی هەولێر وادەڵێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتبار لە لێکۆڵینەوەدا دانی بە ئەنجامدانی تاوانەکەیدا ناوە، کە خانەوادەی قوربانیەکان دەناسێت و بە بێ ئاگاداری و لە دەرنگانی شەودا چووەتە ژورەوە و ئەو تاوانەی ئەنجامداوە.
ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندووە، بە گوێرەی راپۆرتە پزیشکییەکان دەردەکەوێت کە تۆمەتبار نەخۆشی نەخۆشخانەی دەرونی شاری هەولێر بووە و نەخۆشی دەرونی درێژخایەنی هەیە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی ئاراستەی دادگا کراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.