سلێمانی
شەوی بەراتە و منداڵان نوقڵ كۆدەكەنەوە، گەورەكانیش دەست بە دوعان
دیلان محەمەدجەزا
ئەمشەو لە سلێمانی كەشێكی تایبەتی هەیە و ئەوانەی زۆر دڵخۆشن، منداڵانن، چونكە شیرینی و نوقڵ و پارە كۆدەكەنەوە و گەورەكانیش لە چاوەڕێی شەوێكی بە بەرەكەتن و دوعای گەیشتن بە مانگی پیرۆزی رەمەزان دەكەن.
شەوی 15ی شەعبانی مانگی هیجیرییە و ئەو شەوە لە سلێمانی و شارەكانی دیكەی كوردستان، پێی دەڵێن شەوی بەرات.
گرووپێكی شاخەوانی لە سلێمانی ئەمشەو شیرینی و نوقڵیان بەسەر منداڵان دابەش كرد و كەشێكی خۆش و ئیمانییان دروست كرد.
ئەندامێكی گرووپەكە بە 964ی وت، بەرات شەوێكی تایبەتە و حەزیان كرد دڵی منداڵان خۆش بكەن.
منداڵێكی خرپن و جوان، كە توورەگەیەكی پێیە و شیرینی كۆدەكاتەوە، دەڵێت، “شەوی بەرات یەعنی خۆشیی مناڵان و ئینجا نوقڵی خۆش”.
بەرات بە گوێرەی فەرهەنگی موسڵمانان لە كوردستان، 15 شەو پێش دەستپێكردنی مانگی رەمەزانە و ئیتر موسڵمانان جگە لە شیرینی بەخشینەوە بە منداڵان، رۆژی دواتر بەڕۆژوو دەبن و بۆ ئێوارەكەشی خواردنی خۆش دروست دەكەن، هەمووانیش لە دڵەوە ئاواتی گەیشتن بە رەمەزان و بەرەكەتی مانگەكە دەخوازن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا