بەگەڕخستنی سیتمەکە لە دادگای پیرەمەگروون
زوو داواکان یەکلادەکاتەوە
سیستمی ئەلکترۆنی لە دادگای پیرەمەگرون خرایەكار
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ دووشەممە، دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی و شاندێکی دادگاکە، سەردانی دادگای پیرەمەگرونیان کرد بە مەبەستی خستنەكاری سیستمی ئەلکترۆنی لەو دادگایە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی دادگای سلێمانی، سیستەمەکە ئاسانکاری دەکات لە کاروباری رۆژانە و زووتر یەکلایی کردنەوەی داواکان، سەرۆکی دادگاکە ئاماژەی بەوەکردووە، دڵنیان دادگای پیرەمەگروون یەکێکی تر دەبێت لە نموونە سەرکەوتووەکانی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلکترۆنی و پاڵنەر دەبێت بۆ بەئەلکترۆنیکردنی دادگاکانی تری سەربە سەرۆکایەتییەکەیان.
شاندەکە سەردانی هەردوو بنکەی پۆلیسی پیرەمەگرون و تاسڵوجەیان کردووە، جەختیانکردوەتەوە لە گرنگی بەکارهێنانی سیستمەکە و سوود وەرگرتن لە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی ناوی لەلایەن بنکەکانی پۆلیسەوە، کە ئەمەش دەبێت هۆکارێک بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکان و خێراترکردنی ڕیکارەکانی تۆمارکردن و یەکلاییبونەوەی داواکان.
سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی یەکەمین دادگایە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق کە کار بە سیستمی ئەلکترۆنی دەکات.