بەهۆی بارانەکەی دوێنێ شەو

لە کەرکوک ئافرەتێک و دوو منداڵەکەی گیانیان لە دەستدا

964+
کاروان ساڵحی -کەرکوک

لە گوندی باجوانی پارێزگای کەرکوک، بەهۆی بارانە بەخوڕەکەی دوێنێ شەو، خانووێکی لە قوڕ دروستکراو داڕوخا، بەهۆیەوە دایکێک و دوو منداڵەکەی کەوتونەتە ژێر دارپەردووی خانوەکە و گیانیان لە دەستداوە.

رووداوەکە بەرە بەیانی ئەمڕۆ 9.3.2023 روویداوە، بەهێزی باران هۆکاری روخانی خانوە قوڕەیەکە بووە.

گوندی باجوان، سەر بە ناحیەی یایچیە لە پارێزگای کەرکوک.

سەفوان عەبد، دراوسێی ئەو ماڵەیە، تایبەت بە 964ی وت “کاتژمێر 7ی بەیانی، گوێمان لە هاواری دراوسێکان بوو، کاتێک چووینە دەرەوە بینیمان ئەو ژوورەی کە رووخاوە، کەسی تێدایە و کەوتووە بەژێرەوە”.

ئەو ئافرەتەی گیانی لەدەستداوە، ناوی سەراب فەخریە و تەمەنی 41 ساڵ بووە، هاوکات کوڕە تەمەن چوار ساڵیەکەی بەناوی عەلی حەسەن و کچە تەمەن دوو ساڵیەکەی بەناوی مەیار، گیانیان لەدەستداوە.

بە وتەی سەفوان، هاوسەری ئەو خانمەی گیانی لەدەستداوە کاری کرێکاری دەکات، بەرەبەیانی زوو بۆ کارکردن چۆتە دەرەوە و ئەو کاتە لە ماڵ نەبووە.

بەگوێرەی زانیاری 964 دوای رووداوەکە تەرمی بەرکەوتووەکان، نێردراون بۆ نەخۆشخانەی کەیوان و دواتر لە گۆرستانی پەنجا عەلی نێژراون .

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی