"لەگەڵ دیمەشق لێکتێگەیشتنمان هەیە"

نوێنەری هەسەدە بۆ 964: سازش لەسەر هێزەکانمان ناکەین

وریا فەتاح

هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەرێمی کوردستان، بۆ 964 دوایین گۆڕانکارییەکانی گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشقی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، تا ئێستا هیچ رێککەوتنێکی “فەرمی و واژۆکراو” لە ئارادا نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە “تێگەیشتن و دانوستانە”.

بەپێی وتەکانی هۆشەنگ دەروێش، خاڵە نزیکەکان و تێگەیشتنەکان لە چەند تەوەرێکی سەرەکیدا چڕبوونەتەوە:

ئیدارە و خزمەتگوزارییەکان: کێشەیەکی ئەوتۆ لەسەر تێکەڵکردنی دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق نییە، بەتایبەت لە کەرتەکانی پەروەردە، دامەزراوە حکومییەکان و مەلەفی نەوت.

ئاسایشی ناوخۆ: تێگەیشتنێک هەیە کە مەلەفی ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچە کوردییەکان هەر بە دەستی کورد خۆیان بێت و هێزەکانی سوپای سووریا نەیەنە ناو شارەکانەوە.

داهاتووی هەسەدە: گەورەترین خاڵی گفتوگۆکان لەسەر چارەنووسی هێزە سەربازییەکانە. نوێنەرەکەی هەسەدە جەختی کردەوە: “بۆ ئێمە هێڵی سوورە کە هەسەدە هەڵوەشێتەوە و شەڕڤانان بە تاک‌تاک بچنە ناو سوپای سووریا، ئەوە قبوڵکراو نییە.”

دەروێش ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان ئامادەن بۆ “تێکەڵبوون” بەڵام بە میکانیزمێکی پارێزراو، بۆ نموونە هەسەدە ببێتە “دوو فیرقە یان دوو لیوای سەربەخۆ، یان هێزێکی دژەتیرۆر و ئەمنی نیشتمانی”، بەڵام تا ئێستا میکانیزمەکە یەکلایی نەکراوەتەوە.

لە کۆتاییدا نوێنەری هەسەدە دوپاتی کردەوە کە ئەوان کار بۆ شێوازێک دەکەن کە قەوارەی سەربازیی هەسەدە وەک هێزێکی رێکخراو بپارێزرێت و ببێتە بەشێک لە سیستمی بەرگریی وڵات بەبێ ئەوەی شوناسەکەی لەدەست بدات.