لەبارەی رۆژئاوای کوردستان
رەوەندی کوردی لە بەریتانیا وەزیری دەرەوە دەبینن و یاداشتێکی پێشکەش دەکەن
فەرهاد حەسەن
سەرباز بەرزنجی کەسایەتی کورد لە بەریتانیا دەڵێت، لەپێناو پاراستنی رۆژئاوای کوردستان و چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد کۆبونەوەیەکی تایبەت و گرنگیان لەو وڵاتە ئەنجامداوە و بۆ ئەم مەبەستەش دوو وەزیریان بینیوە کە یەکێکیان وەزیری دەرەوە بوو.
ئاماژەی بەوەکردووە، لە چوارچێوەی هەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییە بەردەوامەکانیان بۆ خزمەتکردنی دۆزی رەوای گەلی کورد لە رۆژئاوا و بەرگرتن لە هێرشەکان، لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ هەریەک لە “یەڤیت کوپەر” وەزیری دەرەوە و “هامش فاڵکۆنەر” وەزیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدوە.
دەڵێت “بەڕاشکاوی تەواوی داواکاری و نیگەرانییەکانی خۆمان گەیاندە وەزارەتی دەرەوە و حکومەتی بەریتانیا، جەختمان کردەوە کە پێویستە بەریتانیا رۆڵێکی کاریگەر و راستەوخۆ بگێڕێت لە زامنکردنی مافەکانی کورد و بەکارهێنانی پێگەی نێودەوڵەتی خۆی بۆ پێدانی گەرەنتی درێژخایەن”.
بەوەزیرە بەریتانیەەکانیان وتووە، پێویستە جارێکی دیکە هێرش نەکرێتەوە سەر کورد و مافەکانی پێشێل نەکرێن و مافی خۆبەڕێوەبەری خۆی هەبێت، چونکە پاراستنی ئەم خۆبەڕێوبەری و ناوچەی سەربەخۆیە گەرەنتییە بۆ بوونی ناوچەیەکی دژەتیرۆر کە رێز لەمافی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەگرێت و هەموو پێکهاتەکانی تێیدا هەست بەسەلامەتی دەکەن.
بەرزنجی باسی لەوەشکردووە، بە وەزیرەکانی راگەیاندووە کە ئەو ئاسایش و ئارامییەی لەجیهاندا هەیە لەنێویشیاندا بەریتانیا و لەندەنی پایتەخت بەرهەمی قوربانییەکانی کوردە لە شەڕی دژی تیرۆر، بۆیە دەبێت جیهان ئەو قوربانیدانەی لەبەرچاو بێت.
وەزیری دەرەوە دڵنیاییداوە کە لە نزیکەوە چاودێر و ئاگاداری بارودۆخەکەن و هەوڵەکانیان بۆ چارەسەری ئەم دۆخە دەخەنەگەڕ.