دەزگای ئاسایشی هەرێم: بکوژی هاوڵاتییەکەی پیرەمەگروون دەستگیر کرا
دەزگای ئاسایشی هەرێم:
“بکوژی هاوڵاتییەکەی پیرەمەگروون دەستگیر کرا”
964+
شۆڕش قادری
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، ئەو کەسەی لە پیرەمەگروون بۆ پارە تەقەی لە هاوڵاتییەک کرد و کوشتی، دەستگیر کراوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم / سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “دوای ئەوەی دوێنێ 27.1.2026 لەشارۆچکەی پیرەمەگروون هاوڵاتییەک کوژرا، دوای بەدواداچوونەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە، دەرکەوت تۆمەتبارێک بەمەبەستی بردنی بڕێک پارە، بەچەکی جۆری دەمانچە هاوڵاتی (زیاد محەمەد)ی کوشتووە و مەبەستی بووە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بەرەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵبێت”.
دوای رووداوەکە دەستبەجێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە ئەنجامدراوە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارکە، بۆیە توانراوە لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا بکوژەکە بەناوی ( ه ، ف ، أ ) لەدایکبووی 2006 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوە لەشارۆچکەی چەمچەماڵ دەستگیر بکرێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، لە ئێستادا تۆمەتبار بە ماددەی ( 406 ) لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.
دوێنی سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە پارێزگای سلێمانی بە 964ـی وت، کە کارمەندێکی ئاسایش لە پیرەمەگروون لەلایەن قاچاخچییەکەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.