قوتابخانەی ئیمام محەمەد لە قەزای کفری
بە خاکەناس لە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک دەدەن
+964
میلاد جەلال -گەرمیان
کەسوکاری قوتابیيەک لە قەزای کفری ھێرش دەکەنەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک، بەڕێوەبەرەکەش دەڵێت “لەسەر رەفتارێکی نەشیاو بە قوتابییەکەم وتووە کەسوکارت بھێنە”.
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 8.3.2023 لە قوتابخانەی ئیمام محەمەدی بنەڕەتی لە قەزای کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان روویداوە، قوتابییەکە لە پۆلی ھەشتی بنەڕەتییە.
سەیوان عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیە و بە تۆڕی 964ی وت “ئەوان پێنج کەس بوون، ھەر گەیشتنە قوتابخانە، بە بۆکس و بێڵ هێرشیان کردە سەرم، دوای رووداوەکە سکاڵای یاساییم تۆمار کرد”.
بە گوێرەی گێڕانەوەی بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئیمام محەمەد، رووداوەکە ئەو کاتە روویداوە، قوتابییەکە رەفتارێکی نەشیاوی کردووە و داوایان لێکردووە بچێتەوە بۆ ماڵ و دایک یان باوکی بهێنێت.
عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بە 964ی راگەیاند “لەسەر ئەو رووداوە چوار کەس دەستگیرکراون و بەپێی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون”.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ئەوەش دەڵێت “یەکێک لە براکانی قوتابییەکە رایکردووە و لە ھەوڵی دەستگیرکردنیداین”.
بە پێی زانیاریەکانی تۆڕی964، وەزیری پەروەردە لەسەر بابەتەکە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان کردووە، بڕیاریشە لیژنەیەکی پەروەردە سەردانی ئەو قوتابخانەیە بکات.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی