"9 مەتر درێژە و 60 کیلۆ قورسە"
درێژترین کەزی کوردستان لە کۆیە دروستکرا
دەریا ئەحمەد – کۆیە
کاردانەوەکان بۆ بڕینی کەزی کچە شەڕڤانێکی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن چەکدارێکی گروپە توندڕەوەکان بەردەوامە و لە کۆیە، درێژترین کەزی بە درێژی 9 مەتر دروستکرا و لە پارکی خوشکە فریشتە نمایش کرا.
کەزییەکە لەلایەن دوو هونەرمەند هاوتا فریاد و هەردی مەهدی دروستکراوە، هاوتا فریاد بە 964ـی وت، “لە چوار رۆژدا و بە نزیکەی 20 کاتژمێر کارکردنی بەردەوام ئیشەکەمان کرد، کەزییەکە 9 مەتر درێژە و 60 کیلۆ قورسە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەزییەکە لە تۆڕی بەکارهاتووی ساحەکان دروستکراوە و ماوەی ساڵێکیش دەمێنێتەوە.
نمایشکردنی کەزیەکە بە سەرپەرشتی بەشی هونەری و رۆشنبیری کۆیە بەڕێوەچوو و قوتابخانەی ئامادەیی کۆیەی کچانیش لەژێر کەزیەکە نمایشێکی بەستنی کەزییان ئەنجامدا.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری