کەمپەینیش بەڕێوەدەچێت

گەنجانی سۆران بەعەلاگە پارە بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان کۆدەکەنەوە

ئاکام غەفوور – سۆران

گەنجانی سۆران لەسەر رێگاکان و ناو بازاڕی سۆران بە ئاڵای کوردستان و عەلاگەیەکەوە وەستاون و پارە بۆ خەڵکی لێقەومای رۆژئاوای کوردستان کۆدەکەنەوە.

جێگر دۆڵانی چالاکوانێکی دەڤەری سۆرانە، لەناوەڕاستی شەقامەکە بە عەلاگەیەکەوە وەستاوە و هەرچی بەوێدا تێپەڕدەبێت، بەقوربان و سەدەقەی دەبێت و هاوکارییەکانیشیان لێ وەردەگرێت.

جێگر قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “خەڵک بە لێشاو دێن و پارە دەبەخشن، ئەمە هاوکاری نییە، ئەرکی سەرشانە بۆ کوردان، خەڵک هەبووە کەم دەرامەتە و پێشتر هاوکاریمان کردووە، ئەمڕۆ هاتووە و پارەی بەخشیوە”.

جگە لەو هەڵمەتە، لە چەند شوێنێکی سۆران کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان راگەیەنراوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری