قامیشلۆ

چیرۆکێک دڵ دەکات بە ئاو؛ دەنیزێک لە ئاوارەیى دا لە دایکبوو

964+

وریا فەتاح

لە رۆژانى رابردوو، هەموو کورد بە خستنەخوارەوەى شەڕڤانێک بەناوى “دەنیز” لەسەر بینایەکى بەرز دڵى داخورپا، بەڵام ئەمە کۆتایى دەنیز نەبوو، چونکە دەیان دەنیزى تر لەدایکبوو و بەشوێنپێى ئەودا خەبات و بەرخودان دەکەن و درێژە بە ژیان دەدەن.

کامەران عوسمان، بەرپرسی تیمی کوردستانی رێکخراوی CPTی ئەمریکی، چیرۆکێکی “موعجیزە ئاسا” و پڕ لە ئازاری بۆ 964 گێڕایەوە؛ رەنگین محەمەد، کاتێک بە دووگیانی لە حەلەب هەڵاتووە، پارچەیەکی بۆمب سکی بڕیوە، بەڵام نە خۆی و نە کۆرپەکەی گیانیان لەدەست نەداوە و لە کاتی منداڵبووندا پارچە ئاسنەکە لەگەڵ کۆرپەکەیدا هاتووەتە دەرەوە.

رەنگین محەمەد (34 ساڵ) خەڵکی حەلەبە، رۆژی 13ی کانوونی دووەم، کاتژمێر 06:15ی ئێوارە، لە کاتی هێرشی درۆن بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسود، ڕەنگین لەگەڵ 3 منداڵەکەیدا هەڵات، لەسەر شەقام پارچەیەکی بۆمب بەر سکی دەکەوێت و بە سەختی برینداری دەکات.

وەک ئەوەى کامەران دەیگێڕێتەوە، رەنگین بە برینداری و بە “گاگۆڵکێ” خۆی دەگەیەنێتە نەخۆشخانەی “خالید فەجر”، بەڵام پزیشکەکان ناتوانن نەشتەرگەری بۆ بکەن، چونکە مەترسی لەسەر ژیانی کۆرپەکەی دروست دەبێت، هەر بۆیە ئەو بەو برینەوە لەگەڵ هاوژینە بریندارەکەی (رەفعەت عەزیز) بەرەو قامیشلۆ ئاوارە دەبن.

موعجیزەی لەدایکبوون:

دوای چەند کاتژمێرێک لە گەیشتنیان بۆ قامیشلۆ، رەنگین کچەکەی دەبێت، لەگەڵ لەدایکبوونی منداڵەکەدا، ئەو پارچە ئاسنەی لە حەلەب چووبووە ناو سکی، بەبێ نەشتەرگەری لەگەڵ منداڵەکەدا دێتە دەرەوە.

دەنیز لە دایکبوو

رەنگین و هاوژینەکەی، ناوی کچەکەیان نا “دەنیز”؛ ئەمەش وەک وەفایەک بۆ “دەنیز”ی شەڕڤان، کە رۆژی 10ی کانوونی دووەم لە گەڕەکی شێخ مەقسود شەهیدکرا و تەرمەکەی لە باڵەخانەیەکەوە فڕێدرایە خوارەوە.

ئێستا ئەم خێزانە لە ژوورێکی پەیمانگایەک لە قامیشلۆ پەنادراون و رەوشی تەندروستییان باش نییە، ڕەنگین دەڵێت: “لێرەش هەست بە سەلامەتی ناکەین. هەموو ئەوەی بەسەرمان دێت تەنیا لەبەر کوردبوونمانە، نەک لەبەر ئەوەی تاوانێکمان کردبێت.”

کامەران عوسمان، بەرپرسی تیمی کوردستانی ڕێکخراوی CPT بە 964ی راگەیاند، ئەوان بەردەوامن لە دۆکیۆمێنتکردنی ئەم پێشێلکارییانەی دژ بە مەدەنییەکان لە رۆژئاوا ئەنجام دەدرێن.

لە سلێمانی

لە سلێمانی "دەنیزی شەرڤان" دەکرێتە پەیکەر