"سەرو ماڵمان بۆ ئەوانە"
مامە حاجیەکى دەست و دڵکراوە؛ 2500 دۆلارى بەخشییە رۆژئاوا
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
مام قادر ئەحمەد، ئەو پیاوە دنیادیدە و دەست و دڵکراوەى خورماتووە کە گۆچانەکەى دەستى یارمەتى ریکردنى دەدات، بە دڵێکی پڕ لە پەرۆشییەوە بەدەم کەمپینى هاوکارى و کۆمەککردنى رۆژئاواوە چوو و 2500 دۆلارى بەخشى.
مام قادەر بە دڵێکی پڕ و کوردانەوە بە 964ی وت: “دڵ و جەرگمان بۆیان دەسووتێت؛ سەرمان بۆ ڕۆژئاوایە و ماڵیشمان هەر بۆ ئەوانە، ئەو زوڵمەی لە کورد دەکرێت لە کەس نەکراوە.”
عەبدوڵای کوڕی دەڵێت: “باوکم گوتی توانای چەکداریم نییە بچم بۆ بەرگری، بەڵام بە مادی لە سەنگەردام.”
پەیامی ئەم باوکە نیشتمانپەروەرە لە خورماتووەوە بۆ هەموو کورد تەنیا یەک وشەیە: “یەکگرتوویی و پێکەوە بوون”.
داڕشتنەوە: وریا فەتاح