بەفر لە دهۆکەوە تا گەرمیان کوردستانی داپۆشی
هەینییەکی سپی
964+
ژێوار خدر
شەپۆلێکی چڕی بەفربارین زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و تیمەکانی راماڵینی بەفر لە ئەرکدان بۆ پاککردنەوە و کردنەوەی رێگە سەرەکییەکانی هاتوچۆ.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی 23.1.2026، هاوڵاتیانی زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە دیمەنی سپیپۆشبوونی شار و شارۆچکەکانیان خەبەریان بووەوە، شەپۆلێکی بەفربارینی چڕ لە پارێزگاکانی سلێمانی، دەڤەری پشدەر و بیتوێن، دهۆک، هەولێر و کەرکوک دەستیپێکردووە و گەیشتووەتە چەمچەماڵ، سەیدسادق، شارەزوور و تەنانەت قوڵایی گەرمیان و قەزای رزگاریش.
لە زۆربەی رێگە سەرەکییەکانی وەک لۆفەکانی پیرمام، شەقڵاوە، رێگای بەردەرەش – کەڵەک، بەفر ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ شۆفێران دروستکردووە، تیمەکانی رێگەوبان لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەیانییەوە بە ئامێرەکانیانەوە سەرقاڵی راماڵینی بەفرن لە رێگەکانی کەسنەزان، هیران و تونێلی پیرمام بۆ ئەوەی رێگەکان بەڕووی هاتوچۆدا دانەخرێن.
ئەم شەپۆلە کە ناوچەکانی وەک بەحرکە، تاسڵوجە، قەرەهەنجیر، قەڵادزێ و زەڕایەنی گرتووەتەوە، دڵخۆشییەکی زۆری لای هاوڵاتیان دروستکردووە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لە شۆفێران دەکەن تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست هاتوچۆ بکەن و وریای خلیسکان بن.