ئەوەی سوودمەند بووە وەریناگرێتەوە
یەکەی نیشتەجێبوون دەدرێتە کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی
964+
پیشەوا محەمەد – سلێمانی
ئەو کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراو و زیندانییە سیاسییانەی پێشتر سوودمەند نەبوون یەکەی نیشتەجێبوون وەردەگرن.
دوێنێ سێشەممە 7.3.2023 هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لێکتێگەیشتنێکیان بۆ پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون بە کەسوکاری شەهیدان و ئانفالکراوان و زیندانییانی سیاسی واژۆ کرد.
تۆڕی 964 دەزانێت پێشتر پیشنیار کرابوو زەوییان پێ بدرێت، بەڵام لەسەر داوای وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان زەوییەکە بۆ یەکەی نیشتەجێبوون گۆڕانکاری پێکراوە.
عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: یاداشتەکە واژۆ کراوە، بەڵام لیژنەیەک لەلایەن هەردوولاوە پێک هاتووە و کار لەسەر رێنماییەکان دەکەن و هێشتا وردەکاریی شێوازی وەرگرتن و دروستکردنی یەکەکان دیاری نەکراوە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج هەزار زیندانی سیاسی و نزیکەی 100 هەزار کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان موچە وەردەگرن.
“ئەوەی دیارە ئەوەیە ئەوانەی پیشتر سوودمەند بوونە ئەوا یەکەی نیشتەجێبوونیان پینادرێت”. عادل مەلا ساڵح وای وت.